ئەمڕۆ چوارشەممە سوورییە، هەموو چوارشەممەیەکی کۆتایی ساڵی کوردی، پێی دەگوترێ (چوارشەممە سووری) و ئاگر دەکرێتەوە و یاری ئاگرین دەتەقێنرێت. ئەم بۆنەیە زیاتر لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گرنگی پێ دەدرێت و یادی دەکرێتەوە.
ئەوەندەی شارەزاییم
لەسەری هەبێت، چوارشەممە سووری، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زەردەشتیی و مادەکانی باب
و باپیرمان. خەڵک لەو رۆژەدا، بە نیشانەی کۆتایی ساڵ و هاتنی ساڵی تازەی کوردی،
ئاگر دەکەنەوە و بازی بەسەردا هەڵدەدەن و هیوای ساڵێکی پڕ خێر و خۆشی بۆ یەکتر
دەخوازن.
لای ئێمە لە باشوور، زۆر
بە کەمی ئەو یادە بکرێتەوە و تەنانەت زۆر بەکەمی ئەو ناوەشیان بیستووە، بەڵام لە
رۆژهەڵاتی کوردستان و لای هاونیشتمانیانی ئەو بەشە، زۆر بە گرنگییەوە یادی
دەکرێتەوە و وەک ئێوارەی نەورۆز ئاگر دەکەنەوە و بارووت و یاری ئاگرین
دەتەقێنن.
خۆم چەند جارێک لەوێ
بووم، ئەو رۆژە وێڕای یادکردنەوەی چوارشەممە سووری و هەڵکردنی ئاگر لە شوێنە
بەرزەکان، وەک؛ لووتکەی شاخەکان، دەبێتە رۆژێک بۆ خاڵی کردنەوەی توڕەیی خۆیان لەو
رژێمە داگیرکەرە، وێڕای تەقاندنەوەی بارووت و نارنجۆکی دەستی، دار و بەرد
دەسووێتنن و دەکەونە وێزەی سرووشت و ژینگە بەدبەختەکەشمان. تەنانەت حەماسەت و
توڕەیییەکەیان لەو رۆژەدا بەشێوەیەکە؛ پۆلیس و سوپا و هێزەکانی کۆماری ئیسلامی،
بەهیچ شێوەیەک نایەنە دەر و نایانەوێ ڕووبەڕووی خەڵک ببنەوە!
جا یان هی ئەوەیە ناوێرن
بێنە دەر و ڕووبەڕووی خەڵک ببنەوە، یان دەڵێن لێ گەڕێن با خۆیان خاڵی بکەنەوە و
ژینگەکەی خۆشیان تێک بدەن.
ئەم بۆنەیە لە ئێرانیشدا
بوونی هەیە و لای ئەوانیش یادی دەکرێتەوە، پێموابێ ئەوانیش بەهەمان شێوە
کردوویانەتە رۆژێک بۆ خاڵیکردنەوەی ڕقیان لە دەسەڵاتەکەیان.
چوارشەممە سووریتان
پیرۆز، بەهیوای ساڵێکی پڕ خۆشی و شادمانی بۆ هەمووتان.
0 سەرنج:
Post a Comment